عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێوه‌ری زۆر هه‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ندازه‌ی پابه‌ندبوونی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستاندا به بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاری میدیاییه‌وه، به‌ڵام له هه‌موو قۆناغێكی سیاسیی وڵات‌دا هه‌ندێ رووداو و په‌ره‌سه‌ندن دێنه پێشه‌وه كه هه‌ر زوو و به زه‌قی، وه‌ك ته‌حه‌دایه‌ك، لافی پیشه‌ییبوونی ئه‌و ده‌زگاو كه‌ناڵانه نه‌ك هه‌ر ئه‌خه‌نه ژێر پرسیاری گه‌وره‌وه، به‌ڵكو ره‌خنه‌و رووتبوونهوهو ئابڕووچوونیشهوه.
هه‌ر به راستی، له ماوه‌ی ململانێی توندی ئه‌م دواییانه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتیدا، جگه له زمانی پڕوپاگه‌نده، چ به‌دواداچوونێكی وردی میدیاییمان بینی سه‌باره‌ت به كرۆكی ئه‌و ململانێیانه‌و ورده‌كارییه‌كانی به‌بێ لایه‌نگیری زه‌ق و پێشوه‌خت بۆ ئه‌م یان ئه‌و لایه‌نی ناو ململانێكه؟.
كام كه‌ناڵ و رادیۆ و رۆژنامه – ئه‌وا باسی سۆشیال میدیاكان ناكه‌ین كه كراونه‌ته ماشێنی پڕوپاگه‌نده – هاتن به ژانری بنكۆڵكاری پێیان وتین ئه‌وه‌ی رووده‌دات، چییه؟ چ میدیایه‌كی كوردیتان بینی خۆی له ئه‌جێندایه‌كی سیاسیی دیاریكراو بپارێزێت و بێت و به به‌ڵگه‌و كنه‌كردن له‌ناو به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته جیاجیاكان و ئارگۆمێنته جیاوازه‌كاندا، گوتارێكی میدیایی پیشه‌یی له‌سه‌ر حه‌قیقه‌ت و نهێنی و پشت په‌رده‌كانی ئه‌و ململانێیه‌و كاراكته‌ره‌كانی ناوی و بكهرو ئاراستهكارانی به‌رهه‌م بهێنێت و كۆمه‌ڵگه هۆشیار بكاته‌وه له‌وه‌ی رووده‌دات؟
ئه‌ی ئێستا، كه باس له میدیای كوردیدا هه‌ر باسی رێككه‌تنی نێوان ئه‌و دوو هێزه سیاسییه‌یه، چی‌یان لێ ئه‌بینین له كاری میدیایی پیشه‌ییانه و به‌داداچوونی زانستییانه بۆ ئه‌م پرسه جگه له گواستنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی دوای ململانێ و لێدوانه قاڵبییهكان و جوینه‌وه‌ی گوتاری ئه‌و یه‌كڕیزییه وه‌همییه‌ی كه ناو به‌ناو هاووڵاتیانی پێ سڕ ده‌كرێت و دوای ماوه‌یه‌ك و له‌گه‌ڵ هه‌ر گه‌ڕێكی تری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ململانێدا ده‌بێته دوكه‌ڵ و وه‌رچه‌رخاو بۆ گوتاری یه‌كتر داشۆرین و سوك و ریسواكردنی یه‌كتر؟
له ئه‌زموونی كوردستاندا، به‌داخه‌وه، ته‌نها كاراكته‌رانی ناو كایه‌ی سیاسه‌ت نه‌بوونه‌ته به‌ڵا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئێستا‌و ئاینده‌یه‌وه و ده‌ستی نه‌ته‌وه‌یه‌كیان له هه‌مانه‌كه‌وه ده‌رهێناوه‌و وایان زه‌لیل كردووه دابینكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ی لێ بكرێته ده‌سكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌و به‌به‌هاترین هه‌واڵی میدیاییش!، به‌ڵكو میدیای كوردی، ئه‌ویشیان ئێستا، بۆته به‌ڵایه‌كی تری گه‌وره.
ئێ زانیمان زۆربه‌ی راگه‌یاندنه‌كان، له‌رووی خاوه‌ندارێتییه‌وه، سه‌ربه پارته سیاسییه‌كانن یان هی به‌رپرسه باڵادهستهكانیان، یان سێبه‌ریان، به‌ڵام ناكرێت به‌و راده‌یه‌ش جڵه‌و كرا‌و و ئاراسته‌كراو و خه‌سێنراو بن له رووی پیشه‌ییه‌وه، كه‌ی حزب وتی جنێو بده‌ن، ببنه كارخانه‌یه‌كی بێزراوی داهێنانی سووكایه‌تیكردن به هێزێك و به فریشتهكردنی هێزێكی تر، كه‌ی-یش وتی باسی یه‌كڕیزی بكه‌ن، هه‌موو دۆسییه جدییه‌كان، ئاڵۆزییه‌كانیان، ورده‌كارییه‌كانیان، نهێنییه‌كانیان، مه‌ترسییه‌كانی ته‌قینه‌وه‌یان له داهاتوودا، سه‌رله‌به‌ر، پشت گوێ بخه‌ن و به‌هارێكی درۆزنانهمان بۆ بهێنن!.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *