جۆینی تیلیگرام بن

وتارەکەی سەرۆک.. وتارێک بۆ نیشتمان

وتارەکەی سەرۆک.. وتارێک بۆ نیشتمان


د.نەزاکەت حوسێن

ئایدیا و خەیاڵی سەرکردە دەبێتە رێچکە و رێبازی گەل و نەتەوە، لە مێژوودا ئەگەر سەیری هەر گەلێک بکەیت و لەو رەفتار و مێژووە بکۆڵیتەوە کە بەرهەمیان هێناوە، بە ئاشکرا خەیاڵ و ئایدیاکانی سەرکردەکانی ئەو گەلە هەست پێدەکەیت، کە بۆیان بووەتە رێپیشاندەر و نەخشە.

لە رۆژی کردنەوەی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی) لە بارزان، سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد کە تەواوی خەمی نیشتمان و نیشتمانبوونی لەخۆ گرتبوو. دەستپێشخەرییەكەی دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو بۆ ئەم کاتەی ناوماڵی کورد و ژینگەی سیاسیی کوردستان. راستە رۆژی کردنەوەی یادگە و مۆنۆمێنتی بارزان بوو، بەڵام بەڕێزیان ویستی رێچکە و رێبازی بارزان بکاتە رێچکەیەک بۆ نیشتمان کە تەواوی هاونیستمانییەکان لەسەری بڕۆن.

کاتێک ڕێچکەی بارزان و مەدرەسەی بارزان باس دەکات، کە بریتین لە مرۆڤدۆستی، ئایین و ڕەشت، برایەتی، ئایین و نیشتمان، تێکۆشان لە دژی زۆرداران و ژینگەپارێزی و مافی ئافرەت. ئەمانە بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی پێشکەوتوون لە هەر بەشێکی جیهان، کە پەیڕەو کرابن، خوداپەرستی لەگەڵ دەستپێشخەری بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزی و پێکەوەژیان و برایەتی.

لە قووڵایی ئایدیا و فەلسەفەی قوتابخانەی بارزان، مشتێک لە پرەنسیپی جوان، بەها، کۆدی بەهێز بۆ ژیان دەخاتە ڕوو و بە هەموو کورد دەڵێت، ئەمەیە بنەمای کاری بارزانییەکان و ئەمانەش تەنیا بۆ بارزانییەکان نین، بەڵکوو هی هەموو تاکێک، کوردێک، مرۆڤێکن، کە باوەڕیان پێی هەبێت. پێمان دەڵێت، ئەوەی ئەو مێژووە دەوڵەمەند و پرشنگدارەی دروست کردووە ئەم رێچکەیەیە، وەرن با هەموومان پیادەی بکەین، تاکوو کۆمەڵگەیەکی ئارام و پڕ بەها دروست دەبێت.

ئەوەی جێگای سەرنج و جوانی بوو، گرێدانەوەی نیشتمان و کوردایەتی بوو بە دینداری، کە مێژوویەکە نەیارەکانی کورد کاریان لەسەر ئەوە کردبوو، کورد لە دینداری جیا بکەنەوە و ئەم گەلە بە گەلێکی دابڕاو لە ئایین پیشان بدەن، یاخود تەکیە و مزگەوت و خانەقای لانکەی دینداری و کوردایەتی لە یەکتر جیا بکەنەوە.

سەرۆک بارزانی، جارێکی دیكە ئەو مێژووەی یەکلا کردەوە و هەمووی پێکەوە گرێ دایەوە و پێی گوتین، لەناو فەلسەفە و ئایدیا و قوتابخانەی بارزاندا، هەموو شتێک هەیە بۆ ژیان و رێبازی ژیان و کارکردن و پێکەوەژیان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو، وەرن با لەسەری بڕۆین.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەرووی هەموو ئەمانە، باسی ئیرادە و نیەتپاکیی دەکات بۆ هەموان، هەروەک دەڵێت: “نابێ چیتر خەریكی یەكترشكاندن بن، دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش، بە دژایەتیی یەكتری كەس هیچی دەست ناكەوێت، دەبوایە عیبرەت لە لاۆژانی راپەڕینی ١٩٩١ وەربگرین، حەفتا ساڵ ئەو هەموو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و خوێنە، نەمانتوانی ئەوەی بە حەوت ڕۆژ ئەنجام درا، كاتێك كە هەموو میللەتەكە بوو بە یەك، موعجیزەئاسا دروست بوو، با ئەمە لەبەرچاو بگرین”.

سەرۆك لێرەوە دەیەوێت پێمان بڵێت، ئیتر دەست لە ململانێ و توندوتیژی و گرژی هەڵگرن و وەرن با پێکەوە کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و ئارام لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بنیات بنێین.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو