جۆینی تیلیگرام بن

ژیانی ئێمە لەبەردەم ویژدانی بیماری ئەواندا

ژیانی ئێمە لەبەردەم ویژدانی بیماری ئەواندا

سەردەشت محەمەد
رۆژنییە هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی دەیان جۆر لە خۆراک و کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچو نەبیستین، ئەم هەواڵانە بەڕادەیەک زۆربوون وامان لێهاتووە گومان لە تەواوی ئەو خۆراک وپێداویستییانە بکەین کە ئێستا لەبازاڕەکانی هەرێمدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.

ئەگەر رۆژگارێک پێمان وابوو کە بازاڕەکانی هەرێم بونەتە زبڵدانێک بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچوی وڵاتانی دەرەوە و لامان وابوو ئەوە پەیوەندی بەو دوژمنایەتییە لەمێژینەی نەیارەکانمانەوە هەیە کە دەیانەوێت هەموو رێگاکانی لەناوبردنمان بگرنەبەر، کەچی ئێستا بۆمان رونبووەتەوە ئەم نەخۆشییە بەرووبووم و کەرەستە و پێداویستییەکانی ناوخۆیشی گرتووەتەوە، کەواتە بابەتەکە هیچ پەیوەندی نییە بە سیاسەتی خراپی وڵاتانی چواردەورەوە، بەڵکو ئەوە کۆمەڵێک بازرگان و فرۆشیاری بێویژدان و داماڵراون لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی کە لەپێناو کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانی ناشەرعیدا گرنگی بەژیانی خەڵک نادەن و تەنها ئامانجیان پڕکردنی قاسەکانیان لە سەروەت و سامانی حەرام.

بەداخەوە سەرەڕایی ئەوەی رۆژانە ئەم هەواڵانە دەبیستین،کەچی تائێستا نەمانزانی سزایی یاسایی ئەو بازرگان و دوکاندار و فرۆشیارانە چین کە ئەم تاوانانە ئەنجامدەدەن، تەنها ئەوەندە دەبیستین کە سزای مادیی دەدرێن، بۆیە حەقی خۆمانە بپرسین ئایە فرۆشیارێک کە لەبری خۆراک ژەهر دەرخواردی هاوڵاتییان بدات دەکرێت تەنها بەسزایەکی مادیی دەربازی ببێت؟ یاخود بۆ بنەبڕکردنی ئەم تاوانە دەکرێت دەسەڵات رێگای دیکە بگرێتە بەر و دەبێت وەک تیرۆرستێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ناکرێت خۆراک و کاڵا و شتومەکی ماوەبەسەرچوی بازرگانێک کە رەنگە هۆکاربێت بۆ توشبونی دەیان کەس بە نەخۆشی شێرپەنجەو دەیان نەخۆشی دیکە هەروا بە سزادانێکی مادیی دەستی لێهەڵبگیرێت، بەڵکو دەبێت حکومەت و یاسا بەجۆرێک سزایان بدات کە جارێکی دیکە نەتوانن لە بازاڕدا پەنا بۆ دوبارەبوونەوەی کارێکی لەوجۆرە ببەن، ئەگەرنا ئەوا دورنییە هەمان بازرگان و فرۆشیار و دوکاندار بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانە مادییەی کە لێی کەوتووە جارێکی دیکە پەنا بۆ هەمان تاوان نەباتەوە.

هەرچەندە بەشێک لە قورسکردنەوەی ئەو سزایانە پەیوەندی بەدەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێکی دیکەی ئەو سزایانەش پەیوەندی بەئاستی رۆشنبیری ئێمەی کڕیاریشەوە هەیەو دەبێت، ئەو فرۆشیارانە وەلاوەبنێین کە دەزانین تاوانبارە بەوەها تاوانێکەوە و نابێت جارێکی دیکە خودی خۆمان ببینەوە بە هۆکاری گەرم بونەوەی بازاڕی.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو