یانەی نەسڕی سعودی بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی رودی گارسیا، راهێنەری فەرەنسیی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی راگەیاند.
یانە سعودییەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی “یانەی نەسڕ دەتوانێت رایبگەیێنێت کە رودی گارسیا بە رێککەوتنی هەردوولا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.”
یانەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی “دەستەی کارگێڕیی یانەی نەسڕ سوپاسی رودی و ستافەکەی دەکات بۆ ئەو کارە دڵسۆزانەی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا لەگەڵ یانەکە ئەنجامیاندا.”
دوورخستنەوەی رودی گارسیا لە راهێنەرایەتی یانەی نەسڕ لەکاتێکدایە، لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی فەیحا کە بەیەکسانبوون کۆتاییهات، گرژی لەنێوان رۆناڵدۆ و راهێنەرەکەدا روویداوە و رۆناڵدۆ رەخنەی زۆری لە شێوازی یارییکردنی راهێنەرەکە گرتووە و داوایکردووە بەشێوەی هێرشبەری یاریی بکەن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی نەسڕ لە بەرامبەر دوورخستنەوەی رودی گارسیا، لە راهێنەرایەتی یانەکە 15 ملیۆن ریالی سعودی وەک قەرەبوو دەداتە ئەو راهێنەرە فەرەنسییە.
جۆزێ مۆرینیۆ و خۆرخی جیسۆسی پۆرتوگالی و مارسێلۆ گایاردۆی ئەرجەنتینی، بەربژێرن بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە، بەڵام ئەگەری هەیە سەعد شەهری، راهێنەری هەڵبژاردەی دووەمی سعودیە تاوەکو کۆتایی وەرز راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *