بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، دانوستاندنەکانی کارگێڕیی بارسێلۆنا لەگەڵ نوێنەرانی عوسمان دێمبلی، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەکە، بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، کە ماوەکەی لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، وەستاون.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، سوورە لەسەر مانەوەی دێمبلی وەک بەشێک لە پرۆژەی یانەکە بۆ داهاتوو، بەڵام دانوستاندنەکان وەستاون بەهۆی بوونی ناکۆکی لەسەر بەهای مووچەکە، لە نێوان نوێنەرانی یاریزانەکە و کارگێڕیی بارسێلۆنا.
بارسێلۆنا ویستی پێش کۆتاییهاتنی وەرزی ئێستا لەگەڵ دێمبلی سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بگەنە رێککەوتنی پێشوەختە، بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان نەبنە زنجیرەیەکی دوورودرێژ، بەڵام وادیارە حەز و خواستی دێمبلی و نوێنەرانی گرفت دروست دەکەن.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یاریزانەکە و یانەکە، هێرشبەرە فەرەنسییەکە سوورە لەسەر بەرزکردنەوەی مووچەکەی، کە لەسەر بنەمای گرێبەستی ئێستای پێویستە لە وەرزی داهاتووەوە زیادبوونەکە دەستپێبکات، لە کاتێکدا یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت لە وەرزی داهاتووش هەمان مووچە بۆ دێمبلی دابین بکات، بۆ ئەوەی زیادکردنی مووچەکەی لە وەرزی 2024-2025ـەوە دەستپێبکات.
یانەی بلاوگرانا لەبەردەم کێشەیەکی گەورەدایە لەگەڵ یاسای یاریی دارایی خاوێن، ئەمەش رێگری دەکات لە پەسەندکردنی داواکاریی یاریزانە فەرەنسییەکە.
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا، ئاشکرایانکردووە کە بەرپرسانی بارسێلۆنا هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە دانوستاندنەکان لەگەڵ دێمبلی دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک یان لە هاوینی داهاتوودا پێشکێش بکرێت بۆ فرۆشتن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *