ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لەسەر دەنگۆکانی ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی، بۆ یانەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا هاتە دەنگ.
گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتاییدێت، یاریزانەکە دەتوانێت لە گواستنەوەی هاوینەدا بەبێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات، تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پاریس سانجێرمان و مێسی نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان.
ئەلیمانی لەبارەی گرێبەستی مێسییەوە بە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیی راگەیاندووە “لیۆ یاریزانێکە نوێنەرایەتییەکی زۆری یانەکە و مێژووی تۆپی پێی کردووە.”
بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا زیاتر قسەدەکات و دەڵێت “ئێمە بیرکردنەوەمان لای تیپەکەمانە، چونکە مێسی لە یانەیەکی دیکە یارییدەکات، لە داهاتوودا دەردەکەوێت کە چی روودەدات.”
ماتیۆ ئەلیمانی باس لە داهاتووی ئانسو فاتی، یاریزانی لاوی تیپەکەشی دەکات و دەڵێت “ئانسو فاتی یاریزانێکی گرنگە بۆ تیپەکە و داهاتووی بارسێلۆنا، ئەو باشە و پێویستی بە پێشکەوتنی زیاتر هەیە و دوو یارییە لەسەریەک زۆربەباشی دەردەکەوێت، ئەو لە بارودۆخێکی نایابدایە.”
ئەم قسانەی ماتیۆ ئەلیمانی، لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسییەوە لەکاتێکدایە، لە هەفتەی رابردوودا دەنگۆی گەڕانەوەی لیۆ بۆ یانەکە زۆر بڵاوبووەوە و کاردانەوەی زۆری دروستکرد، چاڤی هێرناندێز گوتی “ئەگەر مێسی بگەڕێتەوە یەکەم کەس من دڵخۆش دەبم، پەیوەندیی بەردەواممان هەیە و ئێمە هاوڕێی یەکدین.”
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەی پاریس سانجێرمان ویستی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پێویستە خۆی لە یاسای یاریی خاوێن بپارێزێت، بیر لە دەستبەرداربوون لە یەکێک لە نەیمار یان مێسی دەکاتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *