هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە دەستی لە کارکێشایەوە و دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا.
هێرڤی رێنار داوای دەست لە کارکێشانەوەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە کرد و فیدراسیۆنەکەش لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت “ئەنجوومەنی کارگێڕیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، رازیبوونی خۆی لەسەر داواکاریی راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی هێرڤی رێنار رادەگەیێنێت کە داوایکردووە، بەردەوام نەبێت لە تەواوکردنی گرێبەستەکەی.”
فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هەردوولا رێکارە یاساییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستی نێوانیان دەکەن و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنەکەش هیوای سەرکەوتن بۆ راهێنەرە فەرەنسییەکە لە ئەرکی داهاتوویدا دەخوازن.
میدیای سعودیە دەڵێت “دوای یارییە دۆستانەکەی هەفتەی رابردوو بەرامبەر ڤێنزوێلا، هێرڤی رێنار داواکاریی بۆ وازهێنان لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سعودیە پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە کردووە.”
بەرپرسێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە بۆ میدیاکان قسەدەکات و ئامادەنەبووە ناوی بهێنرێت، ئەو دەڵێت “رێنار پێشتر داوای دەست لە کارکێشانەوەی کردووە و یاریی سعودیە و بۆلیڤیا دوایین یاریی ئەو بوو لەگەڵ هەڵبژاردەکەمان، هەرچەند زۆر هەوڵماندا کە ئەو رازیبکەین لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوامبێت، بەڵام سووربوو لەسەر گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی و وەرگرتنی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی وڵاتەکەی، ئێمەش نەمانتوانی رێگە لە بەدیهاتنی خەونەکەی بگرین.”
دوای یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر بۆلیڤیا کە سعودیە بە 1-2 یارییەکەی دۆڕاند، رێنار لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی “سوپاسی هەمووان دەکەم لە سعودیە بۆ ئەو پاڵپشتییەی لە ماوەی نزیکەی 4 ساڵی رابردوودا لە ئێمەیان کرد، سوپاسی یاسر مسەلح، سەرۆکی فیدراسیۆن دەکەم کە زۆر نایاب بوو لەگەڵم و پێویست ناکات نیگەران بن.”
راهێنەرە فەرەنسییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت “پێموایە زۆر شتم لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا کردووە، ناتوانم بگەمە ئاستێکی دیکە، بۆیە باشە لەگەڵ هەمووان راستگۆ بم، جارێکی دیکە سوپاس بۆ هەمووان و کاتێکی خۆشمان بەیەکەوە بەسەربرد.”
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، یاسر مەسەلح دەڵێت “پێنج رۆژ بەر لە دەستپێکردنی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی سعودیە، رێنار داوایلێکردم بەیەکەوە دابنیشین، ئەو پێیگوتم دەستەوارەیەکی گەورەتووە کە ناتوانێت رەتیبکاتەوە، ئەویش لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنساوەیە، هەروەها داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا کردووە بۆ ئەوەی کاتی پێبدەن تاوەکو گفتوگۆکانی تەواو دەکات.”
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە زیاتر گوتی “داوام لە رێنار کرد بیربکاتەوە و پەلە نەکات، بەڵام ئەوە بڕیاری خۆی بوو.”
هێرڤی رێنار، راهێنەری بەنێوبانگی فەرەنسی تەمەنی 54 ساڵە، لە ساڵی 2019ـەوە بووەتە راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە و گرێبەستەکەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە تاوەکو 2027 بوو، بەڵام دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و دەبێتە راهێنەری تیپی خانمانی فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی خانماندا.
رێنار لە تۆپی پێی سعودیەدا گۆڕانکارییەکی گەورەی دروستکرد، تاکە هەڵبژاردبوو لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەرامبەر ئەرجەنتین سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سعودییەکان چاویان لەوەبوو لەگەڵ ئەو راهێنەرە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیای داهاتوو بکەن.
راهێنەرە فەرەنسییەکە پێشتر لەگەڵ هیچ تیپێکی خانمان کاری نەکردووە، بەڵام لەگەڵ هەردوو هەڵبژاردەی زامبیا و کۆتدیڤوار لە 2012 و 2015 نازناوی جامی ئەفریقای بردووەتەوە، بەر لەوەی راهێنەرایەتی سعودیەش بکات راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب بوو.
جامی جیهانی هەڵبژاردەی خانمان لەنێوان مانگی 7 و 8ـی داهاتوو لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەڕێوەدەچێت، فەرەنسا لە کۆمەڵەی شەشەمدا، رکابەری بەرازیل، جامایکا و پەنەما دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *