لەنیوەی دوەمی سەدەی پانزەهەمدا، تەنانەت نیوەی دوەمی سەدەی حەڤدەهەم، زۆرینەی وێنەکێشە کلاسیکیەکان وێنەی مێش دەبینرێت لەتابلۆکانیاندا، هەندێک لەو وێنەکێشانە هێندە بەوردی وێنەکەیان کێشاوە لەحەقیقەتەوە نزیکە.
ئەندریە چاستل، مێژونوسی هونەری ئیتاڵی، بەدواداچونی کردوە بۆ مێژوی مێش لەتابلۆکاندا، سەرەتا مێشی وەک لۆگۆیەکی تایبەت وێناکردوە بۆ تواناکانی وێنەکێش و وەک دیاردەیەکی سەیر باسی کردوە، هەروەها پێیوابوە جۆرێکە لەگاڵتەجاڕی وێنەکێشە فێڵبازەکان، ئەمە لەکاتێکدا وێنەی مێش زۆر قوڵتر و فراوانتر و ڕازاوەتر دەردەکەوێت لەسەر تالبۆکان.
سەرەتای گەشەکردنی وێنەی مێش لەسەر تابلۆکان..
مێش خۆشەویست و دڵگیر نییە، بەڵام لەسەر تابلۆکان دەکرێت لەشتێکی بێزارکەرەوە ببێت بە هۆکاری قوڵایی وێنەکان، وەک بەڵگەیەک ئاماژە بێت بۆ مردن و بەهای ژیانی مرۆڤ.
چونکە لەسەردەمی سەدەی هەستانەوەوە، مرۆڤایەتی وابەستەی خورافیات و جۆرەها چیرۆکی بێبنەمابو، لەڕوانگەی ئایین و دروستبونەوە، مێش وەک هێزێکی شاردراوە سەیردەکرا، زۆرکات وێنەی مێش دەخرایە پەنای خراپە و گەندەڵی، هەروەک چۆن ئەو مێشانە لەخواردن و میوەی گەنیوەوە دروست دەبون.
لەکتێبی پیرۆزدا هاتوە، خودا هەزاران جۆری مێشی وەک سزا دەستنیشان کردوە بۆ مرۆڤ، وەک نیشانەی مەرگ و نەخۆشی و خراپ وێناکراوە.
لەهونەری کلاسیکدا زیاتر گرنگیدرا بەدروستکردنی وێنەی مێش لەتابلۆ زەیتیەکاندا، کاتێک بزوتنەوەی (la burla di Giotto) لەدایکبو، ماناکەی گاڵتەی جیۆتۆیە، دراوەتە پاڵ هونەرمەندی فلۆرەنسی (جیۆتۆ دی بۆندۆنی) لەسەدەی چواردەهەمدا، ئەو ئەفسانەی زیندوکردنەوەی سروشتە لەوێنەی ئەوروپیدا، هونەری ئازاد کرد.
کاتێک ئەم هونەرمەندە بڕیاریدا وێنەی لەناوچون و ئاوابون بکێشێت، خۆشیەکانی زەوی و سروشتی جوان و بەهای زەوی کردە تابۆ زیندوەکانی.
لەو سەردەمەدا مێش ببوە هێمای کارامەیی زۆربەی وێنەکانی وێنەکێشە ئەوروپیەکان، زۆر جار هێما بو بۆ ئەوەئ ژیان بێبایەخە و نرخی ئەو مێشە بچوک و بێبایەخەی نیە، دواتر ئەو هێمایە گەشەی کرد (Musca depicta) واتە: مێشکە کێشراوەکە بەزمانی لاتینی.
بەناوبانگترین وێنە لەسەر ئەم بابەتەی باسمان کرد تابلۆی ناسراو (ژنێک لەخێزانی هوفەر) لەساڵی 1480 دا ئەو وێنەیە کێشراوە، لەلایەن وێنەکێشێکی نەناسراوەوە لەقوتابخانەی ئەڵمانی (Swabian) لەئێستادا لە پێشانگای نیشتیمانی لەندەنی پایتەختی بریتانیا نمایش دەکرێت.
لە تابلۆکەدا ژنێک بەپارچەیەک قوماشی سپی شێوە لەچکەوە دەردەکەوێت، مێشێک لەبەشێکی قوماشەکەدا دەبینرێت، هونەرمەندەکە وێنای شێوەی بەجۆرێک کردوە بێزار و بێهیوا و لەپشتیەوە ڕەنگی سپی، پێمان دەڵێت؛ مرۆڤ کاتییە و بەرەو نەمان دەڕوات وەک ئەو مێشە بچکۆلە.
بەم شێوەیە وێنەکێشەکان لەپێناو سەرنج و تێڕامانی هەوادارەکانیان وێنەی مێش یان کردۆتە بەشێک لەتواناکانیان، وەک فێڵێکی هونەری نەخشێنراو لەکارەکانیاندا، بەجۆرێک وێنەی مێش بەو بچوکیە زۆر نزیک بوە لەڕاستیەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەم جۆرە لەتابلۆ وادەکات بینەر خەیاڵی بڕوات بۆ ناو قەڵایی وردەکاری وێنەکان.
(جۆرجیۆ فاساری) وێنەکێشی ئیتاڵی لەسەدەی شانزدەهەمەوە، هەروەها نوسەری ژیاننامەی هونەرمەندانی سەردەمی هەستانەوەی ئیتاڵیا، باس لەفێڵێکی (جیۆتۆ) دەکات لەگەڵ مامۆستاکەی (چیمابۆ) لەیەکێک لەتابلۆکانیدا مێشێکی ڕاستەقینەی بەکارهێنابو.
هونەرمەندی هۆڵەندی (بیترۆس کریستۆس) تابلۆی (پیاوێکی کار سۆسی) کێشاوە یەکێک لەبەناوبانگترین تابلۆ هونەریەکانە، لەئێستادا لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان پارێزراوە لەشاری نیۆیۆرک.
وێنەی ڕاهیبێکی مەسیحی و مێشکێک بەرامبەری، پێمان دەڵێت؛ ئەم ژیانە تەنها وەهمێکە و هیچ مانای نییە و زۆر بەزویی کۆتایی دێت.
پاشان لەدوای تێپەڕینی چەندین سەدە ، هونەرمەندی بەتوانای ئیسپانی (سەلفادۆر دالی) وێنەی مێشێکی کێشاوە لەسەر کاتژمێرێک لەوێنە بەناوبانگەکەی (بەردەوامی بیرەوەری) لەساڵی 1930 دا، لەئێستادا لەمۆزەخانەی هونەری سەردەمی نوێ دا لەشاری نیویۆرک نمایش دەکرێت، هەروەها سوپایەک لەمێروی بەکارهێناوە لەتابلۆکەیدا وەک ئاماژەیەک بۆ ئاڵۆزی کات، هەروەها متمانە نەکردن بەکات.
لە دیدگای وێنەکێش و هونەرمەندەکانەوە دانپێدانانی مرۆڤ دەبینین؛ ئەم ژیانە ناتوانێت مێشێک تێپەڕێنێت، نرخ و بەهای مێشێکی نییە و هەمو شتەکان کۆتاییان دێت وەک تەمەنی کورت و بچوکی ئەو مێشە، دەسەڵات و هێز و ماڵ و سامان و جەستە زۆر خێرا کۆتایی دێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *