بۆچی کارەبا لە هەرێمی کورستان بەشی هاووڵاتیان ناکات؟
بۆچی پێوەری زیرەک نەیتوانی قەیرانی کەمی کارەبا کۆتایی پێبهێنێت؟
هەرێمی کوردستان خاوەن ژێرخانێکی باشی کارەبایە کەچی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین ناکات، لە وەرزەکانی سەرما و گەرما پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە ئەندازەیەک کەم دەبنەوە کە رۆژانە تەنیا ٤ تا ٦ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابین دەکرێت.
توانجێکی هەمیشەیی لەسەر پارتی و یەکێتی هەیە کە دەڵێت گەر ساڵانە تەنیا یەک کاتژمێر کارەبایان زیاد بکرایە ئێستا کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابین کرابوو.
بەڵام ئایا لە ڕاستیدا ناتوانرێت کارەبا دابین بکرێت یان سیاسەتێکی شاراوە رێگە بە باشکردنی کارەبا نادات؟
لە هەرێمی کوردستان تەواوی سێکتەرەکانی ژیان کردن کراونەتە هۆکارێک بۆ پەیداکردنی داهات بۆ کۆمپانیای بەرپرسان و دەستڕۆیشتووەکان ئێستا چاوێکی گەورە لەسەر کەرتی کارەبایە کە بەهەمان شێوە بکرێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی داهات.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامیداون، هەرێمی کوردستان لە توانایدا هەیە نزیکەی دوو هەزار مێگاوات کارەبا زیاد لە پێویستی هاووڵاتیان بەرهەم بهێنێت بەڵام تەنیا نزیکەی ٣٧٠٠ مێگاوات بەرهەم دێت.
ژمارەی ئەو وێستگانەی لە هەرێمی کوردستان کارەبا بەرهەم دەهێنن ژمارەیان ١٤ وێستەگەیە و شەش وێستگەیان بە غاز کار دەکەن، سێ وێستگەیان کارۆ ئاوین و وێستگەکانی دیکە بە سووتەمەنی قورس کار دەکەن.
بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا دەڵێن بەهۆی دابین نەکردنی غازی پێویست ناتوانن بەرهەمی کارەبا زیاد بکەن، لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی غازی هەرێمی کوردستان لە رێگای تانکەرەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت.
ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند پاڵاوگەیەکە و رۆژانە بڕێکی زۆر نەوت دەپاڵێون کە دەکرێت پاشماوەی ئەو نەوتە وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا بەکاربهێنرێت.
حکوومەتی هەرێم ئێستا سەرقاڵی تەواوکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبایە، ئەم پێوەرە دەتوانێت بەشێوەیەکی ورد و دروست خواستی کارەبا دەستنیشان بکات و کۆنتڕۆڵی هەر سەرپێچییەک بکات کە بکرێتە سەر تۆڕی کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەکە لە کۆتاییدایە تا ئێستا نەیتوانیوە دۆخی کارەبا بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە خواستی هاووڵاتیان پڕ بکاتەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی نووسیویەتی ئەم سیاسەتە تەنهاو تەنها پاڵنانە بە هاووڵاتیەوە تا ئەو خانووەی بە هەزار كولەمەرگی كڕیویەتی بیفرۆشێت و بچێت لە یەكێك لە سیتییەكاندا كە زۆرینەی هی بەرپرس و كۆمپانیا حزبیەكانیانن شوقەیەك بكڕێت، بۆ ئەوەی بێجگە لە ساغكردنەوەی یەكەكانیان، مانگانە بە پارەی كارەباو خزمەتگوزاریی بیكەنە كرێچی خۆیان.
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە گومان دەکرێت هۆکار بێت لە باشبوونی دۆخی کارەبای نیشتیمانی ئەو بازرگانییە گەورەیە کە بە مۆلیدەی ئەهلییەوە دەکرێت، بەپێی ئامارێکی نافەرمی کە دەست ٧رۆژ کەوتووە داهاتی مانگانەی ئەو مۆلیدانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠ ملیار دینارە، ئەوەش لەلایەن بەشێک لە بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانەوە ژێر بە ژێر کۆنتڕۆڵکراوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *